ماڵپەڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) كە ئێستا بە یەكێك لە گەورەترین و باشترین ماڵپەڕە كۆمەڵایەتییەكان لە جیهان دادەنرێت، مانگی شوباتی 2004 دەستی بە چالاكییەكانی كرد. ژمارەی بەشداربووانی ئەم ماڵپەڕە گەییشتە 500 ملیۆن كەس كە نزیك بە 150 ملیۆن كەس لەو ئەندامانە لە ڕێگەی مۆبایلەوە پێوەندی بە (فەیسبووكە)ـوە دەگرن و دەڵێن ئەگەر (فەیسبووك) وڵات بووایە، پاش چین و هیندوستان، زۆرترین ڕێژەی بەشداربووی خەڵكی تێدا دەبوو. بە پێی گوتەی مافناسان، 20%ـی ئەو تەڵاق و جیابوونەوانەی كە لە بەریتانیا ڕوو دەدەن، بە هۆی (فەیسبووكە)ـوەیە كە دەرەتانێكیان بۆ دێتە پێش و كاریگەریی نەرێنی دەكاتە سەر پێوەندیی ژیانی هاوبەشیان.
ئەوەی مەبەستی منە، بەشداربووانی كوردە لە كوردستان كە بە گشتی ماوەیەكی كەمە خوویان پێوە گرتووە. ڕاستە و نكۆڵی لەوە ناكرێت كە دنیا ئێستا بووەتە گوندێكی بچووك و تەكنەلۆژیا وا پێشكەوتووە هەموو خەڵكی جیهانی لێك نزیك كردووەتەوە، ئەم ماڵپەڕە لەگەڵ ئەوەی كە كۆمەڵێك دەستكەوتی باش و بەنرخی هەبووە، لایەنی نەرێنیشی هەبووە و هەیە.
لەگەڵ ئەوەی كە لە (فەیسبووك)ـدا ئاگاداری هەموو ڕووداوەكانی ڕۆژ، هەواڵی هاوڕێكانت و ڕۆژی لەدایكبوونیان و وێنە و گرتە ڤیدیۆییەكان و هەواڵەكانی ڕۆژ.. دەبیت، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا هەندێك كەس بۆ ناشیرینكردنی ڕووی خەڵكی و هاوڕێكانیان، لەژێر ناوی جۆراوجۆر و نەناسراو و بە وێنەی كەسانی دیكەوە خۆیان لەم ماڵپەڕەدا ناونووس دەكەن و داوای هاوڕێیەتی دەكەن، بە تایبەتی لەگەڵ كچان و بە گشتیی ڕەگەزی مێینە.
ئەوەی جێگەی داخ و ناڕەحەتییە، زۆربەی ئەو كەسانەی كە نییەتی باشیان نییە، بە ناوی خانمان و بە وێنەی جوان و سەرنجڕاكێشەوە داوای هاوڕێیەتی دەكەن. لە هەواڵێكدا خۆێندمەوە كە زانایان و دەستەی فەتوای (ئەزهەر)، كەڵكوەرگرتن لە (فەیسبووك)ـیان بە هۆیەكی گرنگ زانی بۆ جیابوونەوە و خیانەتی هاوسەری و لە ڕووی ئایینیشەوە حەرامیان كرد. لە ڕاستیشدا نەك لە كۆمەڵگەی كوردیدا كە تەمەنی ئەم ماڵپەڕە زۆر نییە، بەڵكوو لە زۆربەی كۆمەڵگەكانی دیكەیشدا ئاكامی باشی نەبووە و ئاسەواری خراپی لێ كەوتووەتەوە. من ناڵێم ماڵپەڕێكی خراپە و نابێت بە كاری بهێنین، بە پێچەوانەوە دەتوانین لەمەی كە هەیە، زیاتر و باشتر بۆ خزمەتی كۆمەڵگەكەمان و فەرهەنگ و كولتوورەكەمانی بە كار بهێنن و كەڵكی زیاتری لێ وەربگرین. با هەوڵ بدەین ئاستی ڕۆشنبیریی خۆمان و هاوڕێكانمان بەرینە سەر، با ئیتر بەس بێت ناو و ناتۆرە و قسەی ناشیرین و لەژێر ناوی خوازراودا خۆناساندن. بۆ ماوەیەكی كاتی كاتبەسەربردن بۆ و لە پێناو چیدا؟
ژمارە 856 رۆژنامەی هەولێر رێكەوتی 29/8/2010

